sarwazan@live.com ، به‌خێر بێن .. بۆ ماڵپه‌ڕی به‌ڵخه‌ی هه‌ورامان ، ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ له‌لایه‌ن پرۆژه‌ی هاوکاری و گه‌شه‌ پێدانی به‌ڵخه‌ی هه‌ورامانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت ، بۆ خزمه‌تی ئێوه‌ی به‌ڕێزه‌ ،هه‌ر ڕه‌خنه‌و پێشنیارو بابه‌تێکتان هه‌بوو ده‌توانن له‌ ڕێی ئه‌م ئیمه‌یڵه‌وه‌ بۆمان بنێرن  

 

گوندێکى گرنگ و پەراوێزخراو

سەمیر حسین 

  یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانى ئابورى و گەشەسەندنى وڵات گرنگیدان و بەهێزکردنى کەرتى کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى و بوارى گوندنیشینیە، هەربۆیە هەموو وڵاتانى جیهان بە بەرنامەیەکى زۆر پێشکەوتوو و بەسود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیاى سەردەم هەوڵدەدەن بەهەموو شێوەیەک سود لەو بوارانە وەربگرێت بۆ بەهێزکردنى بنەماکانى ئابورى و وەگەڕخستنى تواناکانى تاک و هەروەها ئاوەدانکردنەوەى گوندەکان و جوانکردنى بوارى ژینگەى، هەر بۆیە کوردستان یەکێک لەو وڵاتانەى کە زۆرترین ڕووبەرى کشتوکاڵ و گوندنیشنى هەیە بۆ وەگەرخستنى ئەو بوارانە و چالاککردنیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا تاوکو ئێستا بچوکترین هەوڵ و کار نیە بۆ بەرەوپێشبردنى ئەو بوارانە و تاوەکو ئێستاش گەورەترین بەرهەمى کشتوکاڵى و بابەتەکانى هەموو لە وڵاتانى دەرەوە دەهێنرێت، ئەمەش لەئەنجامى پشتگوێخستنى ئەو هەموو بوارە گرنگانەیە، بۆیە یەکێک لە دەرئەنجامەکانى ئەو مەسەلەیە بوەتە هۆى چۆڵبوونى بە لێشاوى گوندەکان. دەکرێت لێرەدا بەکورتى وەکو نمونەیەک باس لەیەکێک لە گوندەکانى کوردستان بکەین کە ئەویش گوندێکى هەورامانە کە بەرەو چۆڵبوونێکى ترسناک دەڕوات، لەکاتێکدا ئەو گوندە دەکرێت بکرێتە بنەمایەکى گرنگى ئابورى بۆ حکومەت سەرەڕای ئەوەى جوانى سروشتى ناوچەکەى و گەشەکردنى لە بوارە جۆربەجۆرەکانى دیکەدا، ئەویش گوندى (بەڵخە)یە.

  بەڵخە: یەکێکە لە گوندەکانى هەورامانى کوردستانى عێراق، کە دەکەوێتە بەشى ڕۆژئاوایى هەورامانەوە و هاوسنورە لەگەڵ گوندەکانى (سۆسەکان، دەرگاشێخان، هاوار، خەرپانى، پاڵانیا، تاوێرە، بیارە و تەوێڵە) گەورەترین گوندە لە هەموو هەوراماندا و لەگەڵ ئەوەدا سنورى لەگەڵ زۆربەى گوندەکانى هەوراماندا هەیە.

  بەڵخە یەکێکە لە گەورەترین ئەو گوندانەى لە کوردستاندا کە زۆرترین سەرچاوەى ئاوى هەیە، جگە لە باخدارى بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداریش. ئەو گوندە نزیکەى (56) سەرچاوەى کانی و کارێزى سەرەکى تێدایە کە ئەمەش گرنگێکى گەورەی بەخشیوە بەو گوندە و کردویەتیە ناوچەیەکى گرنگ بۆ بژێوى، هەربۆیە لەڕێگەى ئەو سەرچاوە ئاویانەوە چەندین باخ و ڕەزە ترێى تێدایە، کە نزیکەى (444 دۆنم باخى بەراو، 432 دۆنم باخى ڕەزە مێو، 200 دۆنم گوێز، 20 دۆنم توو، 40 دۆنم چنارى تێدایە) هەروەها جگە لەسەرچاوە دێمیە فراوانەکانى بەڵخە، لەگەڵ ئەوەدا کۆمەڵێک شوێنى گرنگى گشتیارى و سەیرانگای تێدایە کە ئەگەر حکومەت گرنگى پێبدات دەبێتە جێگەیەکى گرنگى ئابورى گرنگ.

 بەڵخە گوندێکى گرنگى ڕووەکى خۆڕسکە کە زۆرترین ڕووبەرى فراوانى هەیە کە دەکرێت ساڵانە زیاتر لە دە هەزار ئاژڵى گەورە و بچوکى تێدا بەخێو بکرێت، ئەمەش لەڕووى ئابورى یەوە گرنگێکى زۆر گەورەى هەیە. سەرەڕایى کۆمەڵێک سەرچاوەى دارى خۆرسکى گرنگى وەکو (بەڕوو، قەزوان، گۆیژ و چوالە و هتد).

  بەڵخە لە ڕووى ڕوبەرەوە گوندێکى زۆر فراوانە کە ئەمەش بوەتە تایبەتمەندێکى گەورە و گرنگ بۆ ئەو گوندە، ڕوبەرەکەى نزیکەى (7421) دۆنمە کە دەکاتە (18،55)کیلۆمەتر دووجا، هەرئەمەش وایکردوە کە گرنگێکى ئابورى گرنگى هەبێت.

 لەڕووى دانیشتوانەوە ئەم گوندە پێش ساڵى 1978 واتە پێش ڕاگوازتنى زۆرەملێ نزیکەى سێ سەد ماڵ بووە، بەڵام ئێستا  ژمارەى ئەو گوندە گەیشتوەتە نزیکەى هەزار ماڵ بەڵام لە هەموو ناوچەکانى کوردستان و دەرەوەى کوردستان پەرش و بڵاوبونەتەوە، لە دوایى ڕاپەڕین ئەم گوندە نزیکەى 200 ماڵ گەڕانەوە بۆ ئەو گوندە، بەڵام بەهۆى بێ بەرنامەى حکومەتى هەرێم و نەبوونى خزمەتگوزارى و پشتگوێخستنى گوندەکانەوە ئەم گوندەش وەکو ناوچەکانى دیکەى کوردستان ساڵ بەساڵ بەرەو چۆڵبوون دەڕوات، بەڕادەیەک ئەمڕۆ ژمارەى ئەم گوندە کەم بووەتەوە بۆ نزیکەى پەنجا ماڵ، لەگەڵ ئەوەدا چاوەڕوان دەکرێت کە بەرەو چۆڵبوونى یەکجارەکى بڕوات، ئەگەر بەو چەشنە بڕوات، هەروەها ئەو کەسانەشى کە ئەمڕۆ لەو گوندەدا دەژین تەنیا 5% یان خەریکى کارى باخدارى و کشتوکاڵین و 1% یان خەریکى کارى ئاژەڵداری، ئەمەش بەتەواوەتى خەڵکەکەى دابڕاندوە لەو کارە بنەڕەتیەى کە هەیانە و هیچ سەرچاوەیەکى بژێویان نیە.

 لەگەڵ ئەوەدا کۆمەڵێک هەوڵى باش دراوە بۆ هێشتنەوەى ئەو گوندە و کارکراوە بۆ ئەوەى ئەو گوندە بەرەو چۆڵبوون نەڕوات، هەربۆیە ئەمڕۆ لە بەڵخەدا گروپێکى گرنگى خۆبەخش دروست بووە بۆ گەشەکردن و بەرەوپێشبردنى ئەو گوندە لەڕووى کشتوکاڵى و ڕۆشنبیرى و ئابورى یەوە کە دەکرێت حکومەت گرنگى تەواو بدات بەو پڕۆژەیە بۆ ئەوەى بەهاوکارى ئەو کار و پێشنیارانەى کە ئامادەکراوە بتوانێت گرنگى بدات بەو گوندە بۆ بەرەوپێشبردنى گوندەکە و ئاوەدانکردنەوەى، لەگەڵ ئەوەدا دەکرێت ئەمڕۆ حکومەت بەرنامەى وەکو پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى و دابەشکردنى ئاژەڵ و هاوکاریکردنى ئەو گوندە لەڕووى ئابوریەوە، پەرە بە گوندەکە بدات و بببێتە کایەیەکى باش بۆ ڕێگەگرتن لە چۆڵبوونى و بەگەڕخستنى ئەو توانایانەى هێزى کار و هەروەها ڕێگەگرتن لە بڵاووبونەوەى نەخۆشیە کۆمەڵایەتیەکان بەهۆى بێکارى و بێ پڕۆژەیەوە، هەربۆیە ئەمە دەکرێت بڵێن سەرەتایەکى گرنگ و باشە بۆ ئەوەى هەنگاو بنرێت بۆ بەرەوپێشبردنى ئاوەدانکردنەوەى ئەو گوندە و گوندەکانى دیکە، نەک هەر لەڕووى ئابورى و بژێوى یەوە بەڵکو لەڕوى ڕۆشنبیرى و کەلتوریەوە کە ئەو گوندانە بنەمایەکى گرنگى کەلتورى و فەرهەنگى ئەم وڵاتەن.

تێبینی : بۆ ئاشنابوون به‌و گروپه‌ خۆبه‌خشه‌ ، له‌ هه‌مان ماڵپه‌ڕدا کلیک لێره‌ بکه

 

 

 

مافی بڵاو کردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی مه‌ڵپه‌ر پارێزراوه ‌

All Right Reserved For  Belxe ©2008 : Designed By : Belxe

سه‌رپه‌رشتیاری ماڵپه‌ر : دانه‌ر ئه‌حمه‌د